سه‌فه‌ریانی (وەیلان)

söndag 24 mars 2013

دڵدار



دڵدار

کێ بێ له‌شی دوو به‌ش کرێ و
زایه‌ڵه‌ی ژین له‌ کۆڵانی ده‌ماریدا بێده‌نگ نه‌بێ و
هه‌ردڵدار و خۆشه‌ویستی که‌سیتر بێت
كێ بێ که‌ خۆی سوور بزانێ
که‌ یاره‌که‌ی
دڵداری زۆر که‌سیتره‌
به‌ڵام به‌دڵ خۆشی بوێ و
خه‌نه‌ی خوێنی
پێشکه‌ش به‌ په‌نجه‌ی یار بکا
ئه‌وه‌ منم
که‌ یاره‌که‌م له‌ شه‌وێکی بێ که‌سیدا
له‌تاریکی کۆڵانێکی
ته‌نگه‌به‌ری شاری مێژوو
شادزێ هات
چوار به‌شی کرد
شێویان بڕی و
تۆوی مردنیان تێدا وه‌شان
به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ر به‌هارێ
له‌هه‌ر به‌شێ
سه‌دان هه‌زار ئه‌وینداری لێ سه‌وز ئه‌بێ و
وا ئێستاکه‌ش
جه‌نگه‌ڵێکی چل ملیۆنی
دڵداری گیان له‌ مستی هه‌س.


      ره‌سووڵی سه‌فه‌ریانی            safaryani@yahoo.se


lördag 23 mars 2013

شێعرێک بۆ مناڵانی هەڵەبجە



شێعرێک بۆ مناڵانی هه‌ڵه‌بجه‌
بۆنی خۆڵ و باران


گه‌ڵاێکی ده‌م ‌‌رووباری رێبوارانم
ره‌وه‌ی‌ ماسی هۆشیاریشم
له‌خوڕاوی  موبایله‌که‌م ده‌خۆنه‌وه‌
له‌ ناکاودا کێشی جووتێ چاوی مه‌گناتیسی
سه‌رنجم وه‌ک
 هه‌ڵماتێکی ئاسنینی بچکۆلانه‌ی سه‌ر لێژایی
بێ ده‌ست و پێ بەرەو لای خۆی رادەکێشێ
نامۆی به‌شی وێنه‌ خانه‌ی چاوه‌کان و
ناسراوێکی دێرینه‌ش بوو له‌ هه‌ستخانه‌ی ده‌رونمدا
وه‌کو بۆنی خۆڵ و باران
مەلی خەیاڵی هەڵفڕاند بۆ ئەورۆژە:
له‌رێی میدیا و رۆژنامه‌وه‌
ئاگاداری خولقانی بووم
بیستم به‌ گاز گۆشیان کرد و
چه‌ندین هه‌زار هه‌ناسه‌یان
بۆ خولقانی
له‌قه‌فه‌سی سینگه‌کاندا قه‌تیس کرد و
له‌ جێی چه‌پڵه‌ شه‌پۆڕ کرا .
له‌و رۆژه‌وه‌ و
له‌دوای یه‌که‌م قیژه‌کانی ساواییدا
ده‌یان دوکانی ره‌نگاڵه‌
له‌سه‌ر ناوی کرایه‌وه‌ و
 سه‌دان که‌سیش به‌ناسنامه‌ ناسراوه‌که‌ی
پاساپۆرتی سه‌وز و سوریان له‌ باخڵ نا

له‌و رۆژه‌وه‌ باران نه‌بێ
که‌سێک نه‌چو ئاوێک به سه‌ر‌ له‌شیا بکا
به‌فر نه‌بێت ،به‌رگێ نه‌هات که‌ بیپۆشێ
ته‌نیا به‌هار هات و پی وت
که‌ غه‌یری ره‌ش
 ره‌نگێتریش بۆ پۆشینه‌
هدر هه‌نوکه‌ش
 که‌ کیژێکی ته‌مه‌ن بیست و چه‌ن ساڵه‌یه‌
بۆنی گازی گۆشکرنه‌که‌ی له‌ده‌مدایه‌ و
به‌ ئامێریش هه‌ناسه‌ بۆ مانی ئه‌دات
له‌ سه‌رده‌می مناڵییدا
 سایه‌ی ره‌شی
سمێڵ کوڵه‌ ریش پانه‌کان
به‌ری تینی تاوی ژینی لێ گرتبو
چاوو جوانێکی باڵا به‌رزی نه‌شمیلانه‌
که‌ چاوانی پڕ له‌ رازی بێ نیشانی نیشتمانه‌
ئه‌م و خوشکی له‌ باوکێکن
ئه‌و ئێستاکه‌ خاوه‌ن شکۆ و رێز و ناوه‌ و
ئه‌میش کالای بازرگانی  و
به‌ڵگه‌ی پووچ ودۆڕاوی سه‌ر مێزه‌کانی  ده‌سه‌ڵاته‌
عه‌قڵ و زانست هێرۆشیمای ماره‌کردو
هه‌ڵه‌بجه‌شمان له‌ بێ که‌سی
رۆژێ حزب
ده‌یدا به‌ شووبه‌ده‌سه‌ڵات
رۆژێک مه‌لا
 ماره‌ی ده‌کا له‌ ئه‌جنه‌بی و
رۆژێ که‌سی نێو ماڵه‌که‌ی
 ده‌بنه‌ جه‌رده و
پاروی ده‌می لیێ ده‌فرێنن
رۆژێ چه‌که‌ بۆ کوشتن و
رۆژێ چه‌که‌ و
 له‌ بانکه‌کان خورد ئه‌بێتۆ
رۆژێک ...
رۆژێ ...
رۆژ
به‌کام رۆژا خۆم هه‌ڵواسم
که‌ بمباته‌ جێی دڵخوازم
ئه‌گه‌ر ساڵێ
 به‌قه‌د گه‌ڵای داره‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌مان
گڕبه‌رده‌ینه‌ باڵای مۆم و
وشه‌ له‌ شیشی رسته‌ به‌‌ین
ته‌نیا ژه‌مێ
ره‌نگی تێری نادا له‌روی هه‌ژاران و
نابێته‌ خشت
رێگه‌ی دزه‌ی سه‌رما بۆنێو
 ماڵه‌ کۆن و قوڕینه‌کان پڕکاته‌وه‌
گه‌ر هه‌زاران تابلۆی تریش
له‌ خنکانی هه‌ڵه‌بجه‌مان بکێشنه‌وه‌
هه‌رده‌بێته‌ رازێنه‌ری هۆده‌ وسه‌رای
خاوه‌ن کۆشک و ته‌لاره‌کان
ده‌بێ سیمای دزێوی دز بکێشرێ و
په‌نجه‌ی وشه‌ بۆ ئه‌و که‌سه ئاماژه‌ به‌ین
نانی خوانی منالانی هه‌تیو ده‌با
ده‌با چیتر چه‌پڵه‌ ژه‌نی شانۆ نه‌بین
با نه‌بینه‌ کرمی ته‌رمی له‌شی خۆمان
خۆکۆرماندن ئیتر به‌سه‌
ئیتر به‌سه‌ یه‌کتر خواردن
باجارێکیش ببین به‌تاو
پاش بارانی ئه‌سرینه‌کان
گوڵێکی خه‌نده‌ بڕوێنین
له‌سه‌ر لێوی نه‌ونمامی
باخی شاری ده‌رون سوتاو

  ره‌سول سه‌فه‌ریانی                         مارسی   2008