سه‌فه‌ریانی (وەیلان)

söndag 28 april 2013

قەتار/ چیرۆک

قەتار
رەسول سەفەریانی

بەیانی زوو لەگەڵ کوڕەکەم لە ماڵ هاتینە دەر و بەرەو وێستگەی قەتار رێکەوتین. کزەی ساردی بەیانیان هەواڵی نزیکبوونەوەی زستانی پێ بوو. هەر دوو دەستم لە گیرفانی کاپشینەکەم خنی و کەمێکیش خۆم کۆکردەوە، تا بەر بە هاتوو چۆی کزەی سارد بە بن باخەڵەکانمدا بگرم. سەیرم کرد کوڕەکەیشم دەستی لە گیرفانی خنی بوو بەڵام قنج و قیت رێیدەکرد. بە پەلە دەرۆیشتین، هەرچەند لەباری کاتیشەوە پەلەمەنان نەبوو. سەرەتا پێم وابوو هۆی سەرماکەیە کە ئینسان خێرا دەکاتەوە، بەڵام تێگەیشتم خێرایی کوڕەکەم منیشی گورج کربووەوە. تا مناڵ بوو هەمیشە بەدووما هەڵدەهات، بەڵام ئەمڕۆ من بۆ دووا نەکەوتن مەجبور بووم پێ هەڵگرم.
من بەرەو مەکتەب دەچووم و ئەویش بەرەو ئیش، بەڵام رێگاکەمان لە یەک هێڵدا بوو. تەنیا دوو دەققەی مابوو بۆ هاتنی قەتارەکە. من بە پیی عادەت نازانم لە شوێنێک راوەستم و چاوەڕێ بم، بۆیە ئەمسەرو ئەوسەرێکم لەبەر ویستگەکەدا کرد. قەتار هات و سوار بووین. وەک هەمیشە چووم رۆژنامەیەکی"مێترۆ"م هەڵگرت و پێکەوە چووین لە سەر یەكێک لەوشووێنە دوو کەسیانە دانیشتین. قەتار وەک هەمیشە بێدەنگی بەسەریدا زال بوو. زۆربەی خەڵک یان رۆژنامەیان دەخوێندەوە یان کتێب یان چووبوونە نێو موبایلەکەیان وخەریکی خوێندن یان بە شتێک سەری خۆیان قاڵ کردبوو. لەم وڵاتە، بەتایبەت بەیانیان، نێو پاس و قەتار رەنگ و بۆنی کتێبخانەیان هەیە. خوێندنەوە و بێدەنگی. کەس سەیری کەس ناکات، زۆر جار ئاگات لینییە کێ لە پەناتەوە دانیشتووە.
دوو ویستگەمان بڕی و لە سێهەمیندا کۆمەڵێک خەڵک هاتنە سەر. ئەمانە لەو دەگمەن کەسانە بوون کە هاتنەکەیان سەرنجی ساردی بێ ئیرادەە رادەکێشا.  ئەڵیی لە دونیایەکیترەوە کەوتبوونە خوارەوە. سێ کەس بوون. دەنگە دەنگ و بەرز قسەکردنیان سەیری سەرنجاوی هەمووانی بۆ لای خۆیان راکێشا. بەلام پێم وابیت جگە لە من و کوڕەکەم کەس لییان تێ نەدەگەیی. چەند کورسی لە پێش ئێمەوە لە دەستی ئەوبەرمانەوە دانیشتن. پاش چەن دەققەیەک قسەی خۆیان کەم نەبوو، یەکێکیان موبایلەکەی دەرهێنا و گۆرانییەکی کوردی خستە سەر و خۆیشیان وردە وردە لەگەڵیا دەیان وتەوە. موسافیرەکانیتر بێدەنگانە و بە ئیشارەت، لە رێگای سەیر کردنیانەوە هەڵە بوونیان پێ دەکوتنەوە، بەڵام ئەوان تەنیا هەر ئاگایان لە خۆیان بوو و بەس.
یەک دوو وێستگە دوای ئەوان کەسێک هات و لە تاکە کورسی بەتاڵی پشت سەر ئێمە دانیشت. ئەوەندە نەبوو دانیشتبوو کە موبایلەکەی زەنگی لێدا. بە وەڵامدانەوەیەکی خێرا بەری بە دوپات بوونەوەی زەنگی موبایلەکە گرت. ئەوەندە هێواش وەڵامی دەداوە کە تەنیا چەند وشەی بچڕ پچڕی دەگەیشتە گوێی من کە لەبەردەمیدا دانیشتبووم. "باشە... چشم  ...حتما... امتحان دارم...
 لە دەنگە دەنگی ئەوانەی ئەوبەرم بوو یان هێواش و بە سرتە قسەکردنی ئەم بوو کە نەمتوانی لەوە زیاتر تێبگەم. قەتار گەیشتە نێو شار و کوڕەکەم منی جێهێشت و دابەزی. بەڵام قەتار بەردەوام بوو لە رۆشتن. لە هەر وێستگەیەک  چەند کەسێک دادەبەزین و چەند کەسیش سوار دەبوون. قەتار بەردەوام دەرۆشت. دەموو چاوەکان دەگۆڕان. بەڵام کورسییەکان  تەنانەت رێگای نێوان کورسییەکانیش بە بەردەوامی پڕ بوون.. ئەوەندە پڕ کە لەیەکتر دەکەوتن بە بێ ئەوەی هەست بە بوونی یەک بکەن. هەموومان لە قەتارێکدا بوویین کە کەس نەیدەزانی چ سەعاتیك یەکەم وێستگەی جێ هێشتوە، چۆن دروست کراوە و کێ لێدەخوڕێ، چۆن ئیش دەکات و تا چەندە دەتوانێت لەگەڕدا بێت؟ تەنیا خاڵی هاوبەشمان موسافر بوونمانە. تەنهایی دیارترین دیاردەی هەست پێکراوە.  ئەوەندە تەنهایی زاڵە کە نە هاتن و نە رۆشتنەکان جێگەی سەرنج نین. هەرکەسە و تا لە قەتارەکەدایە تەنیا شوێنێک پڕ دەکات. لەگەڵ دابەزینیدا شوێنەکەی بە کەسێکیتر پڕ دەبێت. ئەوەندە زوو کە کەس دەمووچاوی پێشوی لەبەرچاو نامێنێت.
هەموو تەنهاین، ئەوەندە تەنها کە کەس هەست بە بوونی کەس ناکات. یان تۆ هەست بە بوونی کەس ناکەیت. هەرکەسە و لە دونایێکی نەبین و ناراستەقینەدا خەریکی ئاخاوتن و دواندنە. بە بێدەنگ باسی یەک دەکەن. لەسەر جل وبەرگ و تەنانەت رەنگی پێست و قژی یەکتریش بۆچونیان هەیە. ئەگەر کەرەسەیەک ئێستا ببوایە کە وەک شەپۆلی رادیو هەموو ئەو دەنگ و وتووێژە دەرونیانەی بگرتایەت، لەوانەیە هەر ئێشتا دەیان شەڕ بکرایەت یان زۆر کەس دڵیان دەدا بە پەنادەستەکەیان کە بۆیان هەڵبگرێت. یان لەوانەیە کە ئەوەندە قرمە و هەرا و قاو قیژ ببوایەت کەس خۆی لەم قەتارە بێدەنگەدا نەگرتایەت. دەردەکەوت کە ئەم بێدەنگییە قورسە چەندە دەنگی لە ژێر پێستی خۆیدا شاردوەتەوە. وەک شێتخانە هەر کەسە و لەبەرخۆیەوە باسی شتێکی دەکرد. یەک لە کێشەیەکی خێزانی دڵپڕ بوو، ئەویتر خەریکی پلان دانان بوو بۆ کار و ئیشی. یەک پیلانی خراپی بۆ هاورێکەی دادەڕشت و یەکیش جنێوی دەدا بەوانەی وا دەنگی موسیقا نامۆکەیان ئەوەندە بەرز بوو کە ئەو نەیدەتوانی کتێبەکەی بەردەمی بخوێنێتەوە.

بەڵام قەتار هەر دەروات و تەنیایی و بێدەنگی نەگۆڕترین موسافری ئەو رێگایەن. ئەوان هەموو کورسییەکانیان گرتووە و قەتار بێدەنگ و بەردەوام دەڕوات. منیش دەبێت لە ویستگەیەکدا دابەزم و شوینەکەم بدەم بە کەسێکی نوێ ، کەسێک کە تا چەند وێستگە ئەرکی پڕ کردنی ئەو کورسیەی بە ئەستۆیە، بە بێ ئەوەی ئاکامی رۆشتنی قەتار و دابەزینی موسافرەکانی بۆ دەرکەویت.بێدەنگ دادەنیشێت و لە پەنجەرەیەکی بچووکەوە دونیای دەورو بەری دەبینیت کە بە خیرایی تیدەپەرن، بە بی ئەوەی  دەرفەتی بیینینی دوبارەیانی پیبدریت یان بتوانیت لە خیێرایی رۆشتنەکەیان کەم کاتەوە. تەنیا مشتێ حەزی کوژراو لە وێستگەیەک دادەبەزێ و بە دەم بای  رۆیشتنی قەتارەکەوە لولێک دەخوا ت و چەند کەسێکی نزیک بە دوا دەلاقەی قەتارەکە تا چەند چرکە چاویان لێیە و ئیتر پاشان لە پەنجرەی هیچ نیگایەک ناکەوێت و لە ئاڵبۆمی بیرەوەری هیچ کەسیشدا نابیندرێت.



lördag 6 april 2013

خەم



 خەم
رەسوڵ سەفەریانی

هەمیشە ژیان و بوونم وەک قەتارێک بینیوە کە لە سەر هێڵی زەمان بەرەو پێش دەروات و قەت نە رادەوەستێت و نە دەیشگەڕێتەوە. زۆرجار بیرم لە تەمەن دەکردەوە. لەوەی کە مرۆڤ بۆ خۆی زەمانی بە سوڕی زەوی داناوە و کەرت کەرتی کردوە و بەم شێوە هەوڵ دەدات مێژوو بنوسێت و بیرەوەرییەکانی بەم شێوە کۆدبەندی بکات. وەکو دەڵێین ئەمرۆ رۆژی لەدایک بوونی منە. یان باس لە ساڵۆگەڕی کارەساتێک دەکرێت. ئەمانە تەنیا کۆدن کە ئینسان بتوانێت لە ئەزمونەکانی کەڵک وەربگرێت، ئەگینا نە زەمان دوپات دەبێتەوە و نە  دابەشکراو و دیاریکراویشە. زەمان شتێکە بە تەواوی جیاوازە لە شەو و رۆژ و باقی ئەو کەرتانەی ئێمەی مرۆڤ بۆخۆمان دیاری کردوە.
ئەمەویست  ئەوە بگێڕمەوە کە لەو سەردەمەوە کە ئەم مانای زەمان و کاتە لە مێشکی مندا جێگیر بووە، هەمیشە هەستم کردوە کە خۆمم لێ جێدەمێنێت. زۆرجار ئاوڕی پشت سەری خۆمم داوەتەوە و لە خۆمێک گەڕاوم کە هەستم کردوە جێماوە. زۆر جار کە لە پاس و قەتار و یان ماشین دابەزیووم سەرم وەرگێڕاوە و سەیری شوێنی دانێشتنەکەی خۆمم کردووە، بە بێ ئەوەی کەس ببینم هەستم کردووە کە بەشێک لەمن، یان منێک لەوی ماوەتەوە. ئەم هەستە ئێستاشی لەگەڵ بێت بەردەوام لەگەڵمە. جار جار دەڵێم لەگەڵ هەموو چرکەکاندا منێک لەسەر هێڵی زەمان جێ دەمێنێت کە ئیتر قەت نایبینمەوە. ئەمە بۆ من  زۆر ناخٶشە و هەمیشە هەست بە خەمێک دەکەم، خەمی لە کیس چوونێک، یان خەمی لەدەستدانێک. خەمێک کە زۆر جار، یان باشترە بڵێم هەمیشە لە رواڵەتی کەسەکان و دارەکان و تەنانەت کێوەکان و شارەکانیشدا دەیبینم. بەڵام پێم وایە کە کەس خۆی ئەو خەمە لە خۆیدا هەست پێ ناکات، یان لەوانەیە ئەوەندە لەگەڵیان بووە ئیتر لەگەڵی راهاتوون و بووەتە پارچەیەک لە بوونیان. من پێم وایە هەر بەشێک لە من کە لەکیسم دەچێت  و لێم جێدەمێنێت، پارچەیەک خەم لە شوێنی دادەنیشێت. خەمێک کە وەک خەیال سوک و بی وەزنە و تەنیا وەک هەڵمێک دەنیشێتە سەر جەستە، بۆیە بەخێرایی و لەگەل هەر لە کیس چوونێک نایبینین. بەڵام کە کۆ دەبێتەوە لە روخساردا خۆی دەنوێنێت و ناشاردرێتەوە.
زۆر جار کە پاش ماوەیەکی دور کەسێک دەبینم دەزانم یەکەم شتێک خێرا بەرچاوم دەکەوێت ئەو خەمەیە. خەمێک کە هەموومان لەگەڵمانە بەڵام زۆر بە دەگمەن بیری لێدەکەینەوە. رەنگە هی ئەوە بێت کە زۆر بەنەرمی و بەردەوام لە جەستەمان دەنیشێت. تەنیا کاتێک دەیبینین کە ئەوەندە زۆر بووە کە وەک خۆرە خەریکە جەستەمان دادەڕزێنێت.
لە سەر ئەم بٶچوونە جارێکیان بۆ دۆزینەوە یان بینینەوەی خۆمە کۆنەکان چووم بۆ شارێک کە ماوەیەک لە چرکەساتەکانم لەوێ بووم. وەک تینوی وەیلانی شوێن ئاو لە سارای بەریندا، دەچومە هەموو ئەو شوێنانەی کە هیوای وێنەیەک لە خۆمێکی جێماوی تێدا بەدی دەکرا، بەڵام وا دیاربوو کە هەموی لەگەل منەکاندا لە هێڵی زەماندا جێ مابوون. هەمووی شارەکە بە پەلە و زۆر جار بە هەڵاتن گەڕام، بەداخەوە نە رواڵەتێک لە شوێنە کۆنەکان مابوو نە منێکی لێ بوو. هەمووی نامۆ بوو بۆم. هەستم دەکرد کە ئەمە یەکەم جارە ئەو شوێنانە دەبینم. تەنانەت "بۆن "ەکانیشم لا ئاشنا نەبوون و نەمدەناسینەوە.
ئەم بە ناو خەیال یان فیکرەم لەم رۆژانەدا پتر بۆ ئیسبات بوو. ئەوکاتەی کە بە رێکەوت خۆمێکی جێماوم لە شوێنێک بێنی کە قەت پێم وا نەبوو رۆژێک خۆمێکی جیماو لەوێ ببینم. ئاخر ئەوشوێنە ئەوەندە نوێ بوو کە سەردەمیك  ئەو خۆمەم لێ جێمابوو قەت بە بیریشما نەدەهات  رۆژێک شوێنێکی وەها دروست بێت و منیش بچمە ئەوێ، چ بگاتە ئەوەی کە ئەو خۆمە ونبووانە لەوێ ببینەوە. رەنگە لاتان سەیر بێت ئەوشوێنە فەیسبوک بوو. لەوێ بوو کە خۆمێکی جێماوم  بینی. خۆمێک کە نزیکەی سی ساڵ بوو لێم جێمابوو، بەڵام کە بینیم هەر وەک خۆی مابوو. بە بینینی بۆ چرکەیەک هەستم بە خۆشیێک کرد کە پاش جرکەیەک وردە وردە خۆشییەکە جێگەی خۆی دا بە دڵتەنگیەک، دڵتەنگیەک لە جنسی نامۆ بوون. کامێرایەک توانیبووی چرکەساتك لە من، یان منی چرکەساتێک تۆمار بکات.
 ئەو منە بە بێ ئیختیار کێشامیە ئەوسەردەمە. من و چەند کەسێک بووین. کە ئێستا بەشێکیان دوا بوونیشیان بە بێ تۆمارکردن لە دوا جێمانەکاندا ئەنجامداوە و لە زەماندا تواونەتەوە و لە هێڵی فەرامۆشیدا بەسەردەبەن. زۆر خۆشحال بووم بەوەی کە بۆ جارێکیتر خۆمێکی جێماوم بینیەوە. زۆر کەس لێمیان پرسی ئەوە تۆی؟ هەر چەند دەبووا بیانپرسیاێێت ئەوە تۆ بووی؟
پاش ئەم رووداوە چووم ئاڵبۆمە کۆنەکانم هێنا و ئەو خۆمانەی کە بە سودفە بەر چاوی کامێرا کەوتبون و تۆمار کرابوون بینینمەوە. دەمزانی شوێن و شتەکانییش ئێستا ئەوانە نین.
زۆر جار لەبەر خۆمەوە دەڵێم خۆزگا کامێرایەک ببوایەت کە بیرەوەرییەکانی تۆمارکراوی سەر سندوقی رەشی مێشکی ئینسانی بکردایەتەوە  وئەو  فیلم و وێنانەی بخستایتە بەر چاوی هەمووان. جا دەمانزانی چۆن ئێمەی بوونەوەر وەک قوتووە رەنگێکی کون بوو هەر دەڕٶین و لەسەر هێڵی زەمان لە رەنگی بوونمان دەڕژێت. ئەوکات دەمان بینی کە نە زەمان ئێمەی بۆ گرینگە و نە رۆژێکیش هەیە کە بە ناوی لەدایک بوونمانەوە تۆمار کرابێت. ئێمە ئاوێکین کە نازانین لە کوێدا وشکاییمان دێت. ئێمە هەڵگری خەمێکین کە لەگەڵ دروست بوونمان دێت و لەگەڵ هەڵکشانمان هەڵدەکشێت، ئەوەندە هەڵدەکشێت کە ئیتر بەر بە هەڵکشان و گەشەی ئێمە دەگرێت. لەورۆژەوە ئەو هەڵدەکشێت و ئێمەش دادەکشێین. دەبێتە خۆرە و دامان دەکرۆژێت و وەک مۆریانە جەستەمان هەڵدەکۆڵێت و لە هێڵی زەمانەوە بۆ هێڵی فەرامۆشیمان رادەگوێزێت. ئەو خەمە نێوی ...