سه‌فه‌ریانی (وەیلان)

söndag 29 oktober 2023

نوسیم باران

مێچی ژوورم بوو بە هەور و

تک تک دایدا و

 دەفتەرەکەی لێ خوساندم

چوومە دەرێ

 لەسەر خۆڵی کۆڵەنەکەی بەردرگامان 

 بە چیلکەیێک شکڵی رووبارێکم کێشا

لافاو هەستا و

 ماڵ و خەڵک و کۆڵانی برد

چوومە جەنگەڵ

بن دارێکم کرد بە ماڵ و حەوامەوە

شەوێکی سارد

بیرم لە ئاگر کردەوە

ئاگر لە جەنگەڵ کەوتەوە

دارەکەم و جەنگەڵیشی پێوە سوتا

سەرم هەڵگرت  لەداخانا بەرەو دەریا

ئێستا لێرە

خۆم داوەتە دەس شەپۆلی بێ پایانی کۆچی دەریا

 

لێرە ئیتر خەمم نییە بۆ دەفتەر و ماڵ و جل و کۆڵان ودار

زۆر دڵنیام

ئاگر لە دەریا ناکەوێت

بارانیش قەت نایخوسێنێ

دەریا لافاویش رام ئەکات

 

٢

پێویست ناکات چاو قونجێنم٢

من هەر وەهاش خەو دەبینم

پێویست ناکات خەیاڵ بکەم

بەژن و باڵات لە بەرچاومە و

زوو زوو لە ئامێزت دەگرم

لە هەر کوێ بیت منیش لەوێم

یان باشترە ئاوا بڵێم

من ئەو خاکەم، من ئەو ساتەم

من ئەو شوێنەم کە تۆ لەوێیت

 

 

 

 

 

٣

 

 

رۆژێک خرامە ئامێزی ژوورێک

هەرگیز نەیدیبوو شەوقی چرا و خۆر

پآڵمدایەوە بە دیوارێکی و

نیگام چەقاندە  دیوارەکەیتر

ئەونەم  بیرکردۆ لە دەلاقە و نوور

تا زەینی دیوار پەنجەرەی تێکەوت

هەتاو هاتە ژوور نیشتە کۆشی من

دیوار پێکەنی بە تیشکی هەتاو

زیندان داوەشا لە خەیاڵی من

 

 

##################

 

٤

چاوم لە چاوی تۆ بڕی

چاوت چاومی یەکسەر دڕی

دڵ وەک کۆترلێی دەرپەڕی

لەسەر گۆی مەمکت نیشتەوە

هەر بە گمە و بە گۆرانی

بەدەم گوشینی مەمکەوە

دڵت دێنێتە یاری و

تۆ خۆت دەدەی بەدەستەوە

 

 

#######################

٥ 

 

بەیانی زوو بە دەنگی گوڵ لە خەو هەستام

چاوم کردۆ خۆرم بینی

 کە ئاڵاوە  لە باڵای گوڵ

گوڵیش جەستەی رووت ونەرمی

لەگەڵ هەناسەی پڕ هەوەس

تێکەڵ بە ناز و ناڵە ناڵ

سپاردووە بە ماچی خۆر

بە پەنجەی پڕ لە سێحری تیشک

بۆ بەردەوامی  بوون ومان

بۆ ماننەوەی ئەشق وژیان