هۆرەی شێعر
خەێاڵ تاونەتاوێک
دەستم دگرێت
دەمباتە نێو
ژوورەکەی خۆی
پەنجەرەکانی بەدەورا کراوەن
دەچمە بەر پەنجەرەکەی
روو لە
کۆلانەکانی رابردوو
کۆلانەکانی پرلە منی بەجێماو
منی وەک گلۆلە رەنگێکی
خلار بە خەتتی زەماندا
ھەر دێم و خۆم جێدێلم
مناڵیم تەڕوتۆخ
بەسەر ئەسپە چیلکەییەکانەوە
بە شەیھەکانی خۆمەوە
منی جێماوی تێکەڵ بە رەوە سەگەکانی
پشت دیواری ماڵەکەمان
منی سەرپشتی کەرە بەڕەڵاکانی پاییزان
کۆڵانێک بەولاترەوە
لەمەکتەب دێمەوە بە قژەخاوەکانمەوە
چاوەکانم وێڵن بەدوای
نیگاکانی کچی دراوسێکەماندا
زەینیشم بەدوای پەپولەی وشەدا دەگەڕێت
وشەکان دەکەم بە قەیتانی رستەوە
بە شمشاڵی قەڵەم رستەکان دێنە سەما
سەمای رستەکان
ھاواری بێدەنگی و دەرخەری خرۆشی
شەپۆلی شێواوی شەیدایی و
لادەر و دەرخەری دەریایەک شلەژاو
لە سۆز و ئەڤین و خەیال و بیری خاو
شاراوە لە دلی لاوێکی دلسوتاو
یا خەون و خەیالی ھەناسەی بەردراو
لە دونیای ئازادی بەر تیشکی خۆرەتا
بەمانەو ھەزاران ئاواتی شاراوە
جوق ئەدا ھێلکەی زەوق
دێتەدەر ھەلۆی شێعر
بالدەگرێ، ھەلدەفرێت
دەنیشێت لە دونیای ساباتی دەفتەردا
وەک ھۆرەی پر سۆزی ھەورامی
لە شاخی پر ھەلۆی ھەورامان